ئەمەی ڕودەدات دەرەنجامی خراپترین حوکمڕانی ئەم سی ساڵەیە.
ئێوە کارتان بۆ ئەوەکرد نەتەوەیەک لە “مەڕ” بەرهەم بێت، شوێن ئێوە بکەوێ! ئیدی گرنگ نییە چۆن پەروەردە دەبێت، گرنگ ئەوەیە ژمارەیەک بێ لەئێوە، چۆن بیردەکاتەوە ئاساییە مادام چەکی ئێوەی پێیە، خۆپیشاندەری پێ دەکوژن شەقی لە هەموو چین و توێژێک پێ هەڵدەدەن! تەزویری پێ دەکەن تەنها چاکەی پێ ناکەن.
کێ بوو مامۆستای ئاینی و رۆژنامەنوسی تیرۆرکرد؟
کێ بوون شەق وەشێنەکان مەگەر کادرو پەروەردەکراوی ئێوە نەبوون؟ هەر ئەوانەن کوڕو خوشک و براو باوک و دایکی خۆیان دەکوژن! کێن ژن کوژەکان؟ کێن ئینسان کوژەکان؟ کێن دزو ڕێگرو تاوانکارەکان؟
کێیە ئەو هەموو کەناڵەی بەلاڕێدابردنی گەنج و لاوی کردۆتەوە؟ کێیە قومارخانەو یانەی شەوانەو مەلهای واڵاکردووە؟ کێیە تلیاک دێنێ و بازرگانی پێوە دەکات؟
کێیە ناوەندەکانی زانکۆو خوێندن و پەروەردەو هەموو ژیانی کۆنترۆڵ کردوە و ئەوەی وەک ئەو بیرنەکاتەوە جێی نابێتەوە؟!
کێ ئەم وڵاتەی پڕکردوە لە مەشروب و جگەرەو نیرگەلە؟
سەختترین کار لەسایەی ئێوەدا خەڵک فێرکردنی ئاکارو رەوشت و بەها بەرزەکانە، ئاسانترین کار هەڵوەشاندنەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگەیە بەدراماو کچە مۆدیل !
ئێوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا مەست و بێ هۆش بێ و لاڕێ بگرێ هەموو توانایەکتان بەخەرج داوە لەپێناو ئەوەی سیاسەت نەکەن و بەئێوە نەڵێن ئێمە ماف و ئازادی و کەرامەتمان دەوێ و ئەم حوکمڕانیەتان رەد دەکەینەوە!
زۆری زانکۆکانتان وەک زۆری فەوج و هێزەکانتانە هەردوکی تاکێکی تەندروستی بەرهەم نەهێناوە!
ئێوە دەوڵەمەندی نامەشروعتان زیاد کردوە، بازاڕی قاچاخ وتەزویرتان رەواج پێ داوە، کاڵای خراپ و کۆپیتان بۆ میلەت هێناوە!
مەلا ئەبێ زۆرینە ئەندامی ئێوە بێ، مامۆستای زانکۆ ئەبێ سەربە لق و کۆمیتەبێ، فێرخواز ئەبێ لەقوتابیان و خوێندکاران بێ ! ئاسایش ئەبێ سەدا سەد ئێوە بێ، پۆلیس و کەناس و فەرمانبەرو بێ کارو هەمووی ئەبێ ئینتیمای بۆ ئێوە هەبێ، نەخۆشخانەو قوتابخانەو بەڕێوەبەرو مەرزو ئەرزو نەوت و شارو شارەوانی و خوێڕیخانەش هەر هی ئێوەیە!
ئێمە هەر بەها بەرزە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکانمان ماوە دەستی پێوەبگرین فریا ناکەوین بەر بەو هەموو ڕێگە خراپەی حوکمڕانێتیەکەتان بگرین تاکو خۆمان و نەوەکانمان بپارێزین نەکەوینە ئەم زەلکاوەی بەرهەمتان هێناوە!
بۆیە دەبینی دەرەنجامی ئەم حوکمڕانیەتان کۆمەڵگەیەکی لەبەریەک هەڵوەشاوی بەرهەمهێناوە کە رۆژانە جیابونەوەی خێزانەکان و خیانەت و کوشتن و دزی و تلیاک زۆر زیاد دەکات، دادگاتان کردۆتە شوێنی سزادانی بێ دەسەڵات، هەیبەت و شکۆی یاساتان نەهێشتووە، خەڵک خۆی پەنا بۆ تۆڵەکردنەوە دەبات، بەکورتی ئێوە ویستوتانە حوکمڕانی کۆمەڵگەیەکی داڕماوی داڕزاو بکەن بۆ ئەوەی ئاوڕ لە ستەم و گەندەڵی ئێوە نەداتەوە.
ئەوەی ئێستە ڕودەدات لە کوشتن و تاوان دەرەنجامی حوکمڕانی خراپی سی ساڵەی ئێوەیە.
ئێوە هەر داهاتی ئەم هەرێمەتان نەبردووە ، رەوشت و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەشتان لەبەین برد !