کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵەی گەورەی کرد کاتێک ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆی کردە موڵکی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەمڕۆ حەفتا ساروخ و درۆنی هاویشت بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان،
ئێران هەڵەی کرد کە خۆی بەتورکیا دەکات لەناوچەکە، ئەو دوو وڵاتە دەزانن هەرێم و عێراق سیادەو سەروەرییان نیەو ناشتوانن خۆیان لە موشەک و درۆنی ئەوان بپارێزن کە هەمیشە بیانووی پەکەکەو کۆمەڵەو دیموکرات ئامادەیە تاکو بۆردومانی هەرێمی کوردستان بکەن.
چی ئازایەتیەکی تیایە هەرێمێکی شەکەت و ماندوو عێراقێکی وێران بۆردومان دەکەن؟ چی ئازایەتیەکە کۆمەڵەو دیموکراتی ئاوارەی دانیشتوی کەمپەکانی کۆیەو زڕگوێز بۆردومان دەکەن ژن و منداڵ تێیدا دەبێتە قوربانی !
ئێوە خۆتان بەخاوەنی ئەم ناوچەیەو دۆستی هەموو لایەنەکان دەزانن بەڵام کاتێک دێتە سەر ماف و بونی ئێمە وەک کورد دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی هێز، ئەوەی هێز بەرامبەر کورد بەکاردێنێ غەدری گەورەی لێدەکات چونکە دەزانێ بێ دەوڵەت و بێ کەسە!
ئارامی و ئاسایشی هەرێم بۆ ئێوە دەستەبەرە، لەبەرژەوەندیتانە، کەچی هەر بۆخۆیان ئەو ئارامی و ئاسایشە لەبەین دەبەن.
ئێران دەبێ لەوە تێ بگات ئێمە وەک کورد هەرگیز پشت لەهیچ کوردێکی بەشێکی دیکەی کوردستان ناکەین کەخەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی دەکات، بەڵام قەدەری ئێمەی کورد واکەوتۆتەوە دابەشکراوین و تائێستە ژێردەستەین.
سۆران عومەر
بەغداد