ڕەدکردنەوەی پەرلەمانی ماوەبەسەرچوو بەدەست لەکارکێشانەوە دەبێت.
6/11/2018 ڕۆژی سوێندخواردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بوو، ئەوکات لیستی کۆمەڵ کە بەندە سەرۆکی بوو ٤۲ هەزار دەنگم بەدەست هێنا لە ۱٠۷ هەزاری کۆی دەنگی کۆمەڵ، 6/11/2022 ئەو وادەیە کەچوارساڵە کۆتایی دێ، دەمەوێ بەخەڵک و دەنگدەران بڵێم: بەندە دوای ئەوەی پارێزبەندیم لەسەر هەڵگیراو فەرمانی گرتنم بۆ دەرچوو دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردو ئامادەنەبووم بچمەوە وەها پەرلەمانتارێک، ئێستەش بەداخەوە درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانی حوکمڕانی لەهەرێم بۆتە عورفێکی نایاسایی، بەریشی پێ نەگیراوە بۆ ڕەدکردنەوەی نایاسایی بوونی ئەم عورفە هاتنە دەرەوەیە لەو دامەزراوانە.
هاتنە دەرەوەش بەپێشکەش کردنی دەست لەکارکێشانەوە دەبێت، کشانەوەو داخستنی حساب بانکی مانەوەیە لەناو پەرلەمان بەپەرلەمانتاری بە پارێزبەندییەوە، کورسیەکەت ماوەو شوێنەکەت پارێزراوە، ئەمە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکە.
هەر پەرلەمانتارو فراکسیۆنێکی دیکە کشانەوە لەپەرلەمان ڕادەگەیەنێ پێویستە دەست لەکارکێشانەوە پێشکەش بکات، موچە وەردەگری و دەیبەخشی ئەوە بەپەرلەمانتاری ماویتەوە کورسیەکەت پاراستووەو پارێزبەندیت هەیە تەنها دەوام ناکەی!
ئەوەی تاکو ئێستە ڕاشکاوی دەسبەرداری پەرلەمانی ماوە بەسەرچوی درێژکراوە بووە فراکسیۆنی یەکگرتووە لەگەڵ د.شایەن عەسکەری لەفراکسیۆنی گۆڕان.
نەوەی نوێ دەوام ناکات و موچە وەرناگرێ بەڵام هەر پەرلەمانتارن و دەستیان لەکار نەکێشاوەتەوەو بەپەرلەمانتاری لەپەرلەمانی ئێکسپایەردا ماونەتەوە!
فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەک پەرلەمانتاری سەربەخۆو چوار پەرلەمانتاری دیکەی جیابووە لەفراکسیۆنی گۆڕان دەکشێنەوە لەپەرلەمان بەبێ پێشکەش کردنی دەست لەکارکێشانەوە، واتە ئەمانیش هەر ۱۲ یان بەپەرلەمانتاری دەمێننەوە ڕەنگە بەشێکی موچەکەیان ببەخشن، ئەمە ڕەدکردنەوەی پەرلەمانی ماوە بەسەرچوو نییە !
بەکۆی گشتی ۱٥ پەرلەمانتار دەکشێنەوە دەست لەکار ناکێشنەوەو دەسبەرداری ئەندامێتی پەرلەمان نابن هەر پەرلەمانتارن لەپەرلەمانە ماوە بەسەرچوەکەدا! بەڵام بەڕای گشتی دەڵێن دەکشێینەوە.
تاکو نوسینی ئەم بابەتە تەنها ٦ پەرلەمانتار دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە!
کەڕەنگە پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان دەنگ بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران نەدەن تاکو بمێننەوەو هەڵوێستەکەیان نەبێتە دەسکەوت، بەڵام هەر پەرلەمانتارێک دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردو قبوڵ نەکرا ئەوە هەڵوێستی بۆ ڕەدکردنەوەی پەرلەمانی ماوە درێژکراوە تۆمارەو نەشچێتەوە پەرلەمان مافی خۆیەتی.