لەپرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ -٢٠٢٤ -٢٠٢٥ دا لە دوو مادەو نۆ بڕگەو چوار خاڵدا پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی جێگیرکراوە بەم جۆرە:
یەکەم خاڵی مادەی ١٣ ی پشکی هەرێم لەبەشە بودجە پاکتاوکردنی حساباتی نێوان هەرێم و بەغدایە لەساڵی ٢٠٠٤ تاکو ٢٠٢٢ بۆ هەموو ئەو ساڵانەی بودجە هەبووە.
حکومەتی هەرێم پێویستە پابەند بێت بەتێکڕا رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و لەو بڕە کەمتر نەبێ، مانگانەش وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڵگەکانی هەناردەکردن تەسلیم بە وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات و پەسەند دەکرێ لەلایەن وەزارەت و چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی چاودێری دارایی هەرێم.
هەرێم پابەند دەکرێ داهاتی غەیرە نەوتی تەسلیم بەداهاتی گشتی عێراق بکات بەپێی یاسای ئیداری مالی ئیتحادی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی داهاتەکان دەکەن.
وەزارەتی دارایی عێراق دوای جێبەجێکردنی حوکمەکانی ەم یاسایە واتە ئەوانەی سەرەوە بەشەبودجەی مانگانەی هەرێم دەنێرێ، بەجۆرێک مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێم بودجەی پێداچونەوەی مانگانە پێشکەش ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق دەکات تاکو لەناو حساباتی مانگانەی دەوڵەتی عێراق جێگەی بکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی داهاتی نەوتی و نانەوتی و پاکتاوی حساباتی هەردولا دەکات.
پێویستە حکومەتی هەرێم هەموو قەرزی بانکی بازرگانی عێراق بداتەوە لەماوەی ٧ ساڵدا.
داهاتی هەموو نەوتی هەرێم بەوەی بەرهەمدەهێنرێ و هەناردە دەکرێ و بەداهاتی بەرهەمە نەوتیەکانی دیکەشەوە هەمووی دەخرێتە حساب بانکیەک بەبێ ئەوەی مافی هیچ لایەکی لێ ببڕدرێ بۆ هەر مەبەستێک بێ، سەرۆک وەزیرانی هەرێم یان ئەو کەسەی ئەو رایدەسپێرێ مافی هەیە پارە لەو حسابە دەرکات بەمەرجێ حسابەکە لەژێر چاودێری حکومەتی عێراق دا دەبێت و هەموو هەژمار بانکیەکی دیکەی داگاتی نەوت دادەخرێت.
چاودێری دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم و چاودێری دارایی هەرێم وردبینی ئەو هەژمارەی داهاتی نەوت دەکەن لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی وردبینی، بۆ وردینی و چاودێری تەواوی پرۆسەکانی گرێبەست و ناردن و مافی کۆمپانیاکان لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت .
هەموو جوڵەیەکی هاتن و ڕۆشتنی ئەو حساب بانکیە لەلایەن ئەو کۆمپانیا جیهانیەوە وردبینی دەکرێ و راپۆرتی دەوری پێشکەشی چاودێری دارایی عێراق دەکرێت.
ڕاپۆرتی شەش مانگی و ساڵانەی وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیە پێشکەش بەوەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا پێک دەهێنرێ بۆ پێداچونەوە بەکەرتی نەوت و غازی هەرێم لەڕابردودا ڕاپۆرتی خۆیان پێشکەش دەکەن بۆ تێڕوانینێکی هاوبەشی دەستوری تاکو پاکتاوی ئەو قۆناغەی ڕابردوی کەرتی نەوتی هەرێم بکەن.
ئەمانەش هەموو جێبەجێ دەکرێ تاکو دەرچونی یاسای نەوت و گازی عێراق.
هەر ناکۆکیەکیش لەسەر ماف و شایستەو پابەندەکان لەم یاسای بودجەدا لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوو لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت، لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ سەرۆک وەزیران تاکو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
سۆران عومەر
ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی