ئەوەی پيویستە ئێستا ئەنجامی بدەن بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و وانەبێژان و دانەمەزراوان و سێ یەکەمەکان و خۆبەخشان و گرێبەستەکان و تۆڕی کۆمەڵاتی.
پێدانی موچەی خەڵکی هەرێم لەکاتی خۆی (تاکو لەڕێی بانکەوە جێگیردەکرێت) بڕیاری دادگای فیدراڵیە، ئەم بڕیارە پێویستی بەوەبوو دوای دەرچونی هەرێم بهاتایە بۆ بەغدا بۆ ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامی پێدانی موچە تاکو توطين دەکرێت، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی حکومەتی عێراقی پابەندکردووە بەپێدانی مووچە هاوکات لەگەڵ موچەخۆرانی عێراق بەڵام لەڕێی بانکەوە، حکومەتی هەرێمیشی پابەند کردووە بەکارئاسانی کردن بۆ پرۆسەی توطين (واتە جێگیرکردنی موچە لەڕێی بانکە حکومیە فیدراڵیەکان).
ئێستە کاتی ئەوەیە دەست هەڵگرن لەو هەموو دامەزراندن و خانەنشین کردنە نایاساییەی لەدەزگاکانی ئەمنی و پێشمەرگە (٧٠ و ٨٠) دەیکەن، زیاتر لە دەساڵە بەنایاسایی باج و ڕسومات و پێبژاردنتان لەسەر خەڵک زیادکردووە هیچ پێشینەو قەرزێکتان نەداوە بەڵکو مافی خەڵکیشتان زەوت کردووە.
لەئێستا ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن گێڕانەوەی مافی فەرمانبەران و خانەنشینان و دانەمەزراوان و سێ یەکەمەکان و خۆبەخشان و گرێبەستەکان و وانەبێژان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتیە :
١- گێڕانەوەی سێ موچە نەدراوەکەی مانگەکانی ١٠-١١-١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ کەبەپێی دواین وەڵامی نوسینگەی سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو سێ موچە دەڵێ پابەندە بەیاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت ئەو موچانە بدرێت.
٢- هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان بەکارکردن بەیاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کەبڕیاری دادگای فیدراڵیش لەم بارەوە دەرچووە.
٣- دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی بەگێڕانەوەی جیاوازی موچەکانیان.
٤- بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان.
٥- دامەزراندنی وانەبێژان.
٦- دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و دەرچووانی دانەمەزراو.
٧- دەست پێکردنەوەی تۆمارکردنی کەم ئەندامان و پێدانی ١٥٠ هەزارەکە.
٨- دەست پێکردنەوەی پێدانی ١٥٠ هەزار بۆ سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی کەزۆر پێویستە.