ڕێکخراوی دیالۆگ و کلتور و لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گفتوگۆیەکی کراوەی ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرانی تیڤیەکان، و میدیاکاران، و مامۆستایانی زانکۆدا بە ناونیشانی (تیڤییەکان لەبەردەم هەڕەشەی سۆشیاڵ میدیادا)، بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، و بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری. لە دیدارەکەدا گرفتەکانی بەردەم میدیای تەلەفیزیۆن و مەترسیەکانی سۆشیەڵ میدیا لەبەردەم ئەو میدیایەدا وەک سەرەتای گفتوگۆکە خرایە ڕوو، وە دواتر پێشنیاری بەشداربووان لەسەر ئەو بابەتە وەرگیراو بە ئامانجی باشترکردنی ڕەوشی میدیای تەلەفیزیۆن لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نموونە باس لەوە کرا کە پێشتر تەلەفیزیۆن بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری ڕاست بەکاردەهات بەڵام ئێستا سۆشیەڵ میدیا جێگەی گرتووەتەوە و لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریدا. کە ئەمەش وا دەکات بینەری تیڤەیکان کەم بێتەوە. هەر لە میانە گفتوگۆکەدا ئەو ڕاستیەش باسکرا کە هەواڵی سۆشیەڵ میدیا هەواڵێکی پشتڕاستکراوە نییە و چەواشەکاری تێدا دەکرێت. لە کۆتاییدا، تێڕوانین و ڕاسپاردەکانی بەشداربووان کۆکرانەوە و دەکرێنە پرۆژەیاسایەک و پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تاوتوێکردن.