سۆران عومەر: بەغدا دەڵێت لەداهاتی نانەوتی کورتهێنانی موچەی مانگی ١٢ تەواو بکەن.
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی پێیڕاگەیاندن بە مەرج مووچەی مانگی یەک دەنێرن، یەکێک لە مەرجەکان بەجێکردنی مووچەیە (تەوتن). دەشڵێت، “بەغدا ٤٤١ ملیار دیناری ناردووەو هیچ پارەیەکەی دیکە بۆ مووچەی مانگی 12 نانێرت.”
رۆژی سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2025، سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد، بۆ بەدواداچوونی پرسی ژمارە جیاوازەکانی نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو ئامارە جیاوازانەی بڵاوکرانەوە سەبارەت بە تەرخانکراوەکان، پارەدارکردن و ئەوەشی کە نێردراوە، هەروەها پرسیارمان کرد کە بۆچی لێبڕین لە مووچەی مانگەکانی 10، 11، و 12ـی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی مووچەی مانگی 12”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، “وەزارەتی دارایی لە وەڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا گوتیان، بەپێی خەرجکراوی كردەیی (إنفاق الفعلي) تێپەڕاندن هەیە لەلیستی موچە لەبودجەی هەرێمی کوردستان.”
تاوەکو ئێستا عێراق تەنیا 441 ملیاری بۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2024 ناردووە. سۆران عومەر دەڵێت، “ئەمڕۆ لە وەزارەتی دارایی عێراق بەڵگەکانیان خستەڕوو گوتیان، هیچ پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2024 نانێردرێت و ژمێرکاری داخراوە.”
تەممووزی ساڵی رابردوو، مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق کرا. سۆران عومەر گوتی، “عێراق دەڵێت بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لەلایەن لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وەزارەت هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، ئێمە بۆ هاوتاکردن بودجەی تەرخانکراومان نەبووە هەرێم یەکلایەنە ئەو خەرجییەی کردووە، کە لەموچەی خانەنشینی شارستانی مانگانە 92 ملیار دینار زیادەی خەرجکردووە.”
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، “وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت ‘هەموو مانگێک 10٪ لێبڕینمان کردووە بۆ خانەنشینی و بە پێی خەرجیی کردەیی مامەڵەمان کردووە. هەرێمی کوردستان داوای 430 ملیار گواستنەوەیان کردبوو بۆمان کردوون، 441 ملیاریش بۆ مووچەی مانگی 12ـی 2024 نێردراوە’، بۆیە مووچەی هەرێمی کوردستان تەواو بووە.”
کۆتا جار هەرێمی کوردستان داهاتی مانگی حوزەیرانی بۆ عێراق ناردووە. ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق گوتی، “بەغدا داوادەکات کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕبکەنەوە چونکە شەش مانگە بۆیان نەنێردراوە.”
لەبارەی مووچەی مانگی 1، سۆران عومەر بە رووداوی گوت، “بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەم، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوی کردووە کە مووچە بەجێبکرێت (تەوتین)، عێراق کۆمەڵێک مەرجی داناوە بۆ مووچەی مانگی یەک گرنگتریناین بەجێکردنە ئەگەرنا مووچەی مانگی یەک کێشەی بۆ دروست دەبێت.”
سۆران عومەر گوتیشی، “عێراق داوادەکات کێشەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکرێت بە گشتی کێشە لە لیستەکان هەیە، گرنگترینیان لیستی ژمێریاری، ژمارەی وەزیفی و بایۆمەتری و (UPN).
یاسای بودجەى گشتی سێ ساڵە (2023 و 2024 و 2025)، لە 12ـی حوزەیرانی2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـی هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە.