بۆ وەزارەتی دارایی؛
ئەی داهاتی نەوتی و نانەوتی چی لێ دەکەن؟
ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە سەرجەمی موچەکەیان تەمویل کراوە، تەنها ئەو لیستانەتان ناردوە، پاشان موچە بەڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، ئێوە لە مانگەکانی (١٠-١١-١٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ موچەتان نەداوە کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرو ٣٢٠ ملیارە!
جگە لەوە ١٧/١٠/٢٠٢٣ کاتێک هاتن بۆ بەغدا لیستێکتان هێنابوو کۆی گشتی موچەی هەرێم ٩١٣ ملیارو ٦٢٣ ملیۆن دینار بوو، ئێستە بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن موچە گەشتووە بە ٩٤٩ ملیارو ٨١٣ ملیۆن دینار، واتە لەم ماوەدا ٣٦ ملیارو ١٩٠ ملیۆن موچە زیادی کردووە!
سەیرە وەزارەتی دارایی باس لەداهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات! کەبەپێی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێ، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی؟
جگە لەوە مانگانە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرن.
پاشان بەوشەیەکیش باسی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکەن! باس لە مافی یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێم دەکەن مەگەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافی یاسایی و دەستوری نیە؟! مەگەر هاوتا کردنی موچەی خانەنشینان وەک خانەنشیننی عێراق مافی یاسایی و دەستوری نیە؟
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئێوە بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕەد دەکەنەوە بۆ جێگیرکردنی موچە لەبانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە، ئەی بەدیلتان چییە بۆ برسیکردنی خەڵک و نەهاتنی موچە؟ چۆن ئەتوانن بەم دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگ لەخەلک بکەن؟؟