خستنەڕووی کێشەو کەموکوڕی لیستەکانی موچە؛
نامەیەکی کراوە حکومەتی هەرێم بەتایبەت وەزارەتی دارایی
تکایە تێ بگەن ئەم جۆرە لە وەڵام نەدانەوەی داواکاریەکانی بەغدا تایبەت بەلیستی موچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ مەدەن کەموکوڕیەکان چاک بکەن کە بۆتان دیاریکراوە، یەک جار لەبەرژەوەندی موچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە ١٠ ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی موچە ڕزگارمان بێت.
جارێکی دی بەکوردی کەموکوڕیەکانتان بۆ دەخەینەڕوو تاکو لەمە زیاتر خەڵک سزا نەدەن؛
چاودێری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی ١١ ساڵە پەسەند نەکراوە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٨)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (٢٥) هەموارکراوە کەدەڵێ بۆ هەموو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات.
بەڕێوەبەرایەتی بودجەی سەربە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاری فەرمانبەرانی لا نیە لە پلەو موچەو دەرماڵە، لە ٢٦/٢/٢٠٢٣ ەوە چاودێری دارایی داوای دۆسێی فەرمانبەرانی بەهەموو ئەوەلیاتەکانەوە کردووە.
ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران کێشەی تێدایەو جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوا لەوەزارەتی دارایی کراوە پێداچونەوەی پێدا بکرێت لەگەڵ دائیرەی موازەنەی ئیتحادی.
لیستەکانی موچە لەمانگی ٤ی ئەمساڵ کەوردبینی کراوە کێشەکانی دیاری کراوە بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەکردوە.
کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردوو ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بەنوسراوی ژمارە (٨١٨٩ لە ١٧/١٠/٢٠٢٣) دەڵێ کێشەکەمان چارەسەر کردووە بەڵام لەلیستی موچەی مانگی (٦)ی ٢٠٢٤ دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەر نەکردووە پینەکراوە ! بۆیە موچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران ڕاگیرا.
کێشەکانی لیستی موچە ئەمە چەند نمونەیەکە:
وەزارەتی پێشمەرگە ٢٣ هەزارو ٧٩٠ کەس زیادی کردووە.
وەزارەتی دارایی ١٠٠ ناو زیادی کردوە!
وەزارەتی کارەبا ٢٤٦٠ کەس زیادە.
وەزارەتی پەروەردە ٤٣١٦ کەس.
وەزارەتی ناوخۆ ١٨٨٢ کەس.
وەزارەتی شارەوانی ١١٣٥ کەس.
ئەنجومەنی ئاسایش ٤٧٤ کەس.
گرێبەستەکان ١٢٤١ کەس زیادە هەیە .
دەزگای ئاسایش ١٤٠٩ کەس زیادی کردووە.
زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی ١٢ هەزار خانەنشینە!
وەزارەتی کارەبا ٢ ملیارو ٨٦٦ ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیەو لیستەکانیان ٣٥ ملیۆن دینار زیادی هەیە .
وەزارەتی ئەوقاف ٣٤ ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
خانەنشینان لە ١٤ بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەلێر موچەکەیان مانگانە ٥٥ ملیارو ٣٥٢ ملیۆنە بەم جۆرە:
بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی موچەیان ٢٠ ملیارو ٧٩٩ ملیۆنە.
بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر ٣٤ ملیارو ٥٥٢ ملیۆنە.
لە ١١/١٠/٢٠٢٣ ەوە چاودێری دارایی عێراق داوای دۆسێی خانەنشینانی سەربازی کردوە بۆ پێداچونەوە بەڵام هەرێم پێی نەداون، ئەمەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە کە ناموستەحەقی زۆر تێدایە.
تەنانەت دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیەو لیستەکانیان ٣٥ ملیۆن دینار جیاوازی هەیە.
سۆران عومەر
ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی