Soran Omar

حكومه‌تی عێراق: ناتوانین كارمه‌ندانی گرێبه‌ستی كۆمیسیۆن بكه‌ین به‌ هه‌میشه‌یی

کەناڵی پەیام

ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی كارمه‌ندانی گرێبه‌ستی كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێت” ناتوانن بیانكه‌ن به‌ هه‌میشه‌یی”.ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق لە وەڵامی نوسراوێكی سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر پرسی بە هەمیشەیی كردنی (كارمەندانی گرێبەستی كاتی) كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، ناتوانن ئەو كارمەندانە بكەن بەهەمیشەیی.

لە تەواوی عێراقدا 3هەزارو 71 كارمەندانی سەربە كۆمیسیۆن بە (گرێبەستی كاتی) كار دەكەن، كە نزیكەی هەزار لەوانە لە هەرێمی كوردستانن، چەندین جاریش ئەو كارمەندانە بە نوسراوو گردبوونەوە داوایان كردبوو بكرێن بە هەمیشەیی وەك كارمەندانی دیكەی كۆمیسیۆنی سەربەهۆی هەڵبژاردنەكان.

پێشتر و لە بەرواری 17ـی كانوونی دووەمی 2022 سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رێگای سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقەوە پرسیاری لەبارەی داواكاری (كارمەندانی گرێبەستی كاتی) كۆمیسیۆن ئاراستەی حكومەتی عێراق كردبوو، لە وەڵامی نوسراوەكەی ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی عێراقیشدا، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، لەبەر ئەوەی ماوەی یاسایی كاركردنیان تەواو بووەو حكوومەتی كاربەڕێكەرن ناتوانن بڕیاری بە هەمیشەیی كردنی ئەو كارمەندانە بدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری 284ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە لە دوو بڕگە پێكهاتووە، و لە بڕگەی یەكەمدا جێگیركراوە كە كارمەندانی گرێبەستی هەمیشەیی دوای 5 ساڵ خزمەت دەكرێن بە هەمیشەیی، لە بڕگەی دووەمیشدا لەسەر كارمەندانی گرێبەستی كاتییە دەڵێت ئەو كارمەندانەش دووای 5 ساڵ دەكرێن بە كارمەندی گرێبەستی هەمیشەیی.

بەپێی بەدواداچوونەكانی پەیام، تەنها بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەكراوە كە تایبەتە بە كارمەندانی گرێبەستی كاتی، كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت دوای 5 ساڵ بكرێن بە كارمەندی گرێبەستی هەمیشەیی لەكاتێكدا لارینەبوونی (كۆمیسیۆن، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی دارایی) هەیە.

لەئێستادا ئەو كارمەندە گرێبەستانە داوا دەكەن كە حكوومەت لە كارمەندی گرێبەستی كاتییەوە، راژەكەیان بگۆڕێت بە كارمەندی گرێبەستی هەمیشەیی.

Share this