لەیادی ۳۱ ساڵەی ڕاپەڕین دا
هەرێم و داهاتەکەی موڵکی ئەو کەمینە خۆسەپێنە سیاسییە نییە کە بەرهەمی قوربانیدانی خەڵکیان بردووە!
خەڵکی کوردستان ۳۱ ساڵ لەمەوبەر لە شاری ڕانیەوە دژی زوڵمی بەعس ڕاپەڕی و هەموو کورستان ئازاد کرا، پاش سەدەیەک خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان بە هەزاران شەهید، بەناوی ئەنفالەوە جینۆسایدو کیمیایی باران کراین، لەڕاپەڕین دا بوین بەخاوەنی حکومەت و پەرلەمان و
هەرێمێکی ئازاد، پاش لەناوچونی ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر، لەدەستوری عێراق بوین بەخاوەنی هەرێمی کوردستان لەعێراقی فیدراڵ.
بەڵام بەداخەوە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی حوکمڕانی و گەندەڵی و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری لەپێناو سەرکوتی ئازادی نمونەیەکی ناشیرینی حوکمڕانی پێشکەش کرا.
لەمڕۆدا کەیادی ۳۱ ساڵەی ڕاپەڕین دەکەینەوە خەڵکی کوردستان بەخراپترین دۆخی ئابوری و کارگێڕی و کۆمەڵایەتی دا گوزەر دەکات.
هەژاری زیادی کردووە، بێ کاری زۆر بووە، حکومەت رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێ بەڵام موچەی فەرمانبەران نادات، نرخی سوتەمەنی دوو هێندەی عێراقە کارەبا ٦ کاتژمێر هەیە .
بەداخەوە بەرهەمی خوێنی شەهیدەکانمان و بەرهەمی قوربانیدانی میلەتەکەمان کرا بەگەندەڵی و لاوازکردنی هەرێم و حوکمڕانیەکی خراپ، بەهیواین ئێوە لەعێراق جیاوازی بکەن لەنێوان کەمینەیەکی سیاسی کەدەستیان بەسەر دەسەڵات و داهاتی هەرێم دا گرتووە لەگەڵ خەڵکی کورستان کە ئەو جۆرە حوکمڕانییە ڕەد دەکەنەوە.
هەرێم و داهاتەکەی موڵکی خەڵکە نەک ئەوانەی ئەمڕۆ حوکمی هەرێم بەوجۆرە دەکەن.