Soran Omar

داهاتی نەوت بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان نییە.

وەفدى کۆمەڵى دادگەرى لە شارى بەغدا لەگەڵ هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح کۆبووەوە و باس لە پرسى نەوت و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان کرا.

پەیامنێرى پەیام گواستییەوە، لەکۆبوونەوەکەدا سەرەڕاى باسکردن لە پەیوەندى نێوان کۆمەڵى دادگەرى و هاوپەیمانى فەتح، “باس لەوەکرا خەڵکی کوردستان لەقەیرانێکی گەورەدایە و داهاتی نەوت بۆخۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان نییە کە ئەمە جێی قبوڵ نیە.”

بەگوێرەى زانیارییەکانى پەیامنێرى پەیام لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکان بۆ دەرچوونى عێراق لە چەقبەستووسى سیاسى عێراق کراوە و هەردولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى “دواجار لایەنەکان پێکدێن.”

وەفدەکەى کۆمەڵى دادگەرى جەختى لەوە کردووەتەوە، “ئێمە لەگەڵ ڕێکەوتنین لەگەڵ حکومەتی عێراقی و پێویستە نەوت ڕادەس بکرێ و شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان وەربگیرێ.”

زیاتر لە شەش مانگە ئەنجوومەنى نوێى نوێنەرانى عێراق هەڵبژێردراوە و لایەنە عێراقییەکانیش بەسەردوو بەرەى سەرەکیدا دابەش بوون و ئەمەش بووەتە هۆى چەقبەستوویى سیاسى لە عێراقدا و تا ئێستا هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرى دۆخەکە بێ ئەنجام بوون.

کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لە سەرەتاى دروستبوونى عێراقى نوێوە بەشدارە لەپرۆسەى سیاسى عێراقدا.

لە ڕۆژى ١٦-٤ى ئەمساڵەوە وەفدێکى باڵاى کۆمەڵى دادگەری لە بەغدایە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەى سیاسى ئەنجامداوە.

وەفدەکەى کۆمەڵی دادگەرى پێکدێن لە هەریەکە لە “محەمەد حەکیم و فاروق عەلى ئەندامى ئەنجوومەنى باڵا و ئەحمەد حاجى رەشید ئەندامى سەرکردایەتى و سۆران عومەر ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.”

Share this