Soran Omar

سۆران عومەر بۆ دەنگی ئەمریکا:
دابەش بوون بەسەر ناکۆکی نێو ماڵی شیعەدا هەڵەیەکی گەورەیە.

سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بۆ دەنگی ئەمریکا وتی “بە کشانەوەی سەدریـیەکان هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە.”

“بە کشانەوەی سەدریـیەکان هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی ئۆتۆماتیکی هەڵدەوەشێتەوە، لە سەرەتاوە نەدەبوو پارتی و یەکێتی بەو جۆرە دابەش ببن و ناکۆکیـیەکانیان بگاتە ئاستی “عینادی سیاسی” و ئەو بنبەستە گەورەیە و ئەم دۆخە دروست ببێت.”

فەرمانی کشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتەکەی موقتەدا سەدڕ بۆ سۆران عومەر جێی سەرسوڕمان نەبوو “شتێکی چاوەڕوانکراوبوو لە موقتەدا سەدر کە ڕەنگە هاوپەیمانێتیـیە سێ قۆڵیـیەکە جێبهێڵێت یان تاک لایەنە بڕیارێک بدات یاخود پەرلەمانتارەکانی بکات بە ئۆپۆزسیۆن، بە کشانەوەی سەدریـیەکان پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە، بەڵام کەلێنی تێدەکەوێت.”

دابەشبوونی سیاسی لایەنە کوردییەکان لە بەغداد بەسەر هەردوو بەرەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی، هێندەی تر دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆزتر کرد و بە چەقبەستنی دۆخی سیاسی عێراق لێکدەدرێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆی کۆمەڵی دادگەرییش ئومێدەوارە ناکۆکی نێوان لایەنە ئاڵۆزتر نەبێت. ” سەبارەت بە مەترسی ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی چەکداری نێوان لایەنە شیعەکان، دەڵێت هەرچەندە کوشتن و تەسفیەکردنی یەکتر هەیە، بەڵام هیوادارە بەوە نەگات.”

لە دوای کشانەوەی رەوتی سەدرەوە. چەند سیناریۆیەک باسیان لێوە دەکرێت. لەوانە بە ئۆپۆزسیۆن بوونی سەدر لە دەرەوەی پەرلەمان، یاخود جوڵاندنی شەقام، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش بە یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان دادەنرێت.

سۆران عومەر پێیوایە، خەڵک خواستی دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان نییە ” ئەگەر خەڵک خواستیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی نوێ، ئەوا زۆر هێز و لایەن پێیان باشە هەڵبژاردن بکرێتەوە، بەڵام ئاستەمە خەڵکی ئەو خواستەیان هەبێت بەهۆی تێپەڕبوونی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردن و هیچ ئەنجامێکی نەبووە جگە لە شەڕی سیاسی، بۆیە بەبێ بینینی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردن، چۆن دەنگدەر دەچێتەوە بۆ هەڵبژاردن؟.”

Share this