Soran Omar

کوڕەکەی من و کوڕەکەی وەزیر! 

 

‎کوڕەکەی من ئیشی دۆزیبویەوە لەڕیستۆرانتێک کار بکات! کوڕەکەی وەزیریش زەوییەکیان پێداوە بیکات بەریستۆرانت تەنها زەویەکە بایی ۱٠ ملیۆن دۆلارە!

……

کەسێک ریستۆرانت و کافی دابنێ بۆچی حکومەت لە باشترین شوێن زەوی بداتێ بەبێ بەرامبەر؟

باشە کەزەویت پێدا بۆچی بە کوڕی وەزیرێکی دەدەی و بەگەنجێکی دیکەی نادەی؟

ئەگەر ئەو کوڕە کوڕی وەزیری پێشمەرگە نەبێ لەنایابترین شوێنی سلێمانی کەتەنیشت ئوتێل تایتانیکە ئەو زەویەی پێ دەدەی ؟ ئەی بۆ کوڕی هەزاران شەهید بێکار دەسوڕێتەوە هەلی کاریشی بۆ ناڕەخسێنن؟  

دەبوو وەزیری پێشمەرگە لەبەر سومعەی خۆی ڕێی نەدایە کوڕەکەی ئەو زەویە وەربگرێ! یان ناوو پێگەی باوکی بەکاربێنێ بۆ وەرگرتنی زەوی!

ئێستە کە وەریگرتووە یان پێیان داوەو بۆیان وەرگرتووە !بەناوی ریستۆرانت و کافێ ئێستە دەیەوێ بیکات بە شوقەی نیشتەجێ بوون ! 

ئەمەیە گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵات!

تا ئێستە زۆر کەس پێی وتووم بۆچی کوڕە گەورەکەت نەکردووە بەپاسەوانی خۆت؟ مەگەر تۆ لەعێراق ۱٦ پاسەوانت نییە؟ 

پێم و تون لەبەر ئەوەی کوڕی منە بۆیە ئەو مافەی نییە لەبەر باوکی یەکسەر دامەزرێ، پاشان ئەو قوتابیەو زانکۆی لەبەردەمە چۆن دەبێ کەسێ قوتابی بێ دامەزرێ؟؟ ئەی ئەو هەزاران دەرچووە دانەمەزراوەی کەهیچ کەسێکیان نیە دایانمەزرێنێ یان کارێکی دەس ناکەوێ ! مەگەر من نوێنەری ئەوان نیم؟ چۆن ویژدانم ڕێمەدا کوڕەکەی خۆم بکەم بەپاسەوان و بەرگریش لەگەنجی دانەمەزراوو بێکار بکەم؟ بۆیە وەک هەر گەنجێکی تر چوبوو بەشوێن ئیشدا گەڕابوو لە ڕیستۆرانتێک کاربکات، دایکی زۆر نیگەران بوو وتم مەگەر ئەو چی زیاترە لەوانەی ئەوکارە دەکەن؟ بافێری قورسی ژیان بێ، با بزانێ پەیداکردنی بژێوی چەند قورسە.

 دواتر وتمان تۆ ناتوانی رۆژانە ۱٠ کاتژمێر بەپێوە ئەو کارە بکەی لەبەر ئەوەی یەک گورچیلەت هەیە کارێکی ئاسان بدۆزەوە! خۆ دەتوانم تەکلیفی دانانی لەزۆر شوێن بکەم! یان لەو ۱٦ پاسەوانەی لەسەر عێراقە یەکێکیان کوڕەکەم بووایە، نەک ئەوەم نەکردووە لەو ۱٦ پاسەوانە خزمیشمی تێدا نییە! ئەوە کوڕی ئێمەو ئەوەش کوڕی ئەوان!

Share this