Soran Omar

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی داوای چارەسەرکردنی لەمپەرەکانی بەردەم دەرهێنانی پاسپۆرت دەکات

ئەمڕۆ (2023/9/4) عەمیدی مافپەروەر (سالار عبدوڵڵا)بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، پێشوازی کرد لە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە دیدارێکدا باسی لە کەموکورتی و لەمپەرەکانی بەردەم دەرهێنانی هەردوو جۆری پاسپۆرت کرد و داوای چارەسەری بۆ کردن.

لەو دیدارەدا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی وتی:”ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە، تا خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی خۆمان بکەین،لەو بارەیەوە بەئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین و درێغی ناکەین، بەڵام هەندێک کێشەو لەمپەرمان هەیە کە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، بەهۆیەوە کێشەی بۆ ئێمە و هاوڵاتیانیش دروست کردووە”.
سەبارەت بە کێشەکانیش ئاماژەی بەوەدا کە”هاوڵاتیان لە دەرەوەی وڵات کە بۆ جاری دووەم پاسپۆرت وون دەکەن، پێویسته بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان تا مامەڵەی دەرهێنانەوەی پاسپۆرت بکەن، داوا دەکەین ئاسانکاریان بۆ بکرێت و هەر لە دەرەوەی وڵات بتوانن ببنەوە بە خاوەنی پاسپۆرت”.
دەربارەی ئەو منداڵانەی کە باوکیان ناتوانن ئامادە بن، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی وتی:” منداڵانی خوار هەژدە ساڵ، بەپێی یاسای عێراقی تەنها باوکیان دەبنە وەلی ئەمریان، بەڵام ڕوودەدات کە باوکیان بەهەر هۆکارێک بێت ناتوانێت ئامادە بێت، بەمەش منداڵەکە بێبەش دەبێت لە دەرهێنانی پاسپۆرت، بۆیە داوا دەکەین دایکانیش بتوانن ببنە وەلی ئەمر، یان ڕێکارێکی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە”.
هەرچی پەیوەست بە دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، عەمیدی مافپەروەر (سالار عبدوڵڵا) ئاشکرای کرد، کە(کێشە لە کاتی دیاری کردنی سەردانی کردن هەیە، کە لە هەفتەیەکدا تەنها یەک ڕۆژەو لە ڕۆژەکەشدا یەک کاتژمێرە، ئەم ماوەیە زۆر کەمە لۆدێکی زۆری دەچێتە سەر ماڵپەڕەکە، هاوڵاتیانیش ناتوانن بە ئاسانی کاتی سەردانیان حجز بکەن، ئەمە جگە لەوەی کێشەی کەمی ئامێر و کورسی دانیشتنمان هەیە و کارەکانمانی سست کردووە).

لە بەرامبەریشدا، وەفدی میوان، سوپاسی ماندووبونی بەڕێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی پاسپۆرتی سلێمانیان کرد و ڕایانگەیاند،لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی کۆدەبنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەدەن.

Share this