Soran Omar

دواجار یوسف کلابی دژی ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سکاڵا تۆمار دەکات

ئەو شەوە کە ٢١/٩/٢٠٢٣ بوو لەگەڵ هەر سێ پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی یوسف (کلابی و حسێن مؤنیس و محمد نوری) کۆبوینەوە تاکو تێیان بگەیەنین ئەو سێ ٧٠٠ ملیارەی بۆ هەرێم دێت بۆ موچەی خەڵکی کوردستانەو کێشە دروست نەکەن چونکە ڕۆژەکەی بەڕێوەبەری بانکەکانیان بانگ کردبوو هەڕەشەیان ليێکردبون کە ئەگەر پارە بەقەرز بۆ هەرێم بنێرن شکاتیان لێ دەکەن، دوای کاتژمێرێک گفتوگۆ ئەوەی سەیر بوو یوسف کلابی وتی؛ چۆن پارەتان بۆ بنێرین ئێوە هونەرمەندێکتان هەیە ناوی حەمکۆیە قسەی بە ئیمامی حسێن و حەشدی شەعبی وتووە! وتمان ئەوە تەسەروفی شەخسی بوەو وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمارکردوە، دواتر بەڵێنیان دا شکات نەکەن و لەگەڵ ئەوەبون ئەو پارە بۆ موچە بدرێت بەهەرێم. 

ئەمڕۆ کە لەهەرێم نەکرا بەپشوو وەک (یوم النصر) کەلە پارێزگاکانی دیکەی عێراق پشوو بوو، یوسف کلابی رەخنەی گرت و دەڵێ سبەی سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری ئەو بانکانە تۆمارەکەین کە پارەیان بۆ هەرێم ناردووە! 

 هەمیشە پێمان وتوون لەمەسەلەی پابەندی یاسای بودجە کێ بەرپرسیارە سزای ئەوە بدەن، خەڵکی هەرێم و موچەخۆران گوناهیان چیە باجی ئەم ناکۆکی و حیکایەتی مێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بدەن! 

بەڵام بەداخەوە وەک پێشتر باسمکرد بەشێک لەو پەرلەمانتارە عەرەبانەی مەسەلەی موچەی فەرمانبەران وەک کارتێک بەکاردێن بەرامبەر حکومەتی عێراقی، ئەگەر نا لە حەقیقەت دا هیچمان پێ ڕەوا نابینن و گەمە بەسۆزی موچەخۆرانی هەرێم دەکەن، ئەوەتا لەهەفتەی ئەخیری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان سکاڵا تۆمارەکەن لەسەر ئەوەی پارە بۆ موچەی مانگی نۆی فەرمانبەرانی هەرێم دێت ! لەسەر ئەوەشی کەبۆ موچەی مانگی حەوت و هەشت هات! 

بەشێکی ئەم سکاڵایان بۆ ئەوەیە پارەی دیکە نەنێردرێ بۆ ئەو سێ مانگەی کەدەمێنێت!

ئەوەشی تانەلەئێمە دەدات گوایە وتومانە نەوت رادەست بکەن کێشەی بودجەمان نامێنێ ئەوە دروستەو وایە بەڵام بەهۆی کێشەی کرێی دەرهێنانی نەوتەوە تاکو ئێستە نەوت ڕادەست نەبوە!

 بەرپرسیاری ئەم دۆخەی هەرێم و خراپی گوزەرانی خەڵک و شکستی حوکمڕانی لەئەستۆی ئەوانەیە کە هەرێمیان بەمڕۆ گەیاند!

Share this