Soran Omar

کۆمپانیا بیانیەکان بۆ دەرهێنانی نەوتەکەی هەرێم مانگانە داوای ٤٢٣ ملیار دینار دەکەن واتە سێ یەکی بەشە بودجەی هەرێم !

کێشەی سەرەکی نێوان هەرێم و بەغدا مەسەلەی نەوتە، نەوتی هەرێم تائێستە ڕاگیراوە، بەپێی مادەی (١٢/ثانيا/أ) لەیاسای ژمارە (١٣) ساڵی (٢٠٢٣) یاسای بودجەی ساڵەکانی ( ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥ ) پێویستە هەرێم ڕۆژانە لانی کەم (٤٠٠ هەزار ) بەرمیل نەوت تەسلیمی (سۆمۆ) بکات، لەبەرامبەردا بەپێی هەمان مادەی (١٣/ثانيا/ج) کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی ئیتحادی دابین دەکرێت بەنرخی هاوتای عێراق بۆ گواستنەوەو بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت.
ئەم بڕەش لەوەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت تێکڕا بە (٩٨٧٥) دینار دانراوە، لەهەرێمیش بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکان تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت تێکڕا نزیک بە( ٣٦ ) هەزار دینار دانراوە.
لەیاسای بودجەش دا بڕگەی (أ و ب لەمادەی ١٢/ثانيا) کراوەتە مەرجی پێدانی بەشە بودجەی هەرێم، واتە تاکو نەوتەکە نەدرێت بەسۆمۆ و لەسەر کرێی دەرهێنانی نەوتەکە ڕێک نەکەون ئەم مادەو بڕگەی یاسای بودجە جێبەجێ ناکرێت.
ئەسڵی کێشەکەش لەسەر ئەمەیە:
لەهەرێم کۆمپانیا بیانیەکان تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتیان تێکڕا بە (٣٦٠٠٠) سی و شەش هەزار دینار داناوە. جیاوازیەکە لەتێچوی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لەنێوان هەرێم و بەغدا نزیک بە (٢٦) هەزار دینارە، واتە ڕۆژانە بۆ (٤٠٠) هەزار بەرمیلە نەوتەکەی هەرێم پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە نزیکەی (٤٣٢ ملیار) دینار پارەی تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بداتەوە بەکۆمپانیا بیانیەکانی کە نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن، ئەمە جگە لەوەی عێراق پێویستە کرێی گواستنەوەش بدات ئەگەر بەبۆری بڕوات بۆ بەندەری جیهان یان لەناوخۆدا سۆمۆ بەکاریبهێنێت ئەوکاتە کۆی پارەی تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت و گواستنەوەکەی نزیک دەبێتەوە لەنیوە بەشەبودجەی هەرێم.
عێراقیش دەڵێ بۆ هەر بەرمیلێک (٩٨٧٥) دینار تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت دەدەم بەکۆمپانیاکان، مانگانە دەکاتە نزیکی (١١٨) ملیار دینار .
بۆ ئەوەی بزانین ئەم (٩٨٧٥) دینارەی عێراق لەکوێوە هاتووە، بەدواداچونم کرد گەشتمە ئەم ئەنجامە:
تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی خام لە عێراق، لەکێڵگەکانی نەوتی باکورو ناوەڕاست و باشور، بەپێی نوسراوی ژمارە (٥٣٣٧٤) لە (٢٠/١١/٢٠٢٢)ی وەزارەتی نەوتی عێراقی، بەپێی توێژینەوەی فەرمانگەی توێژینەوەو دراساتی پەرلەمان (توێژەر – سرود هۆشیار) لەعێراق زۆرترین تێچوی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت لە کێڵگەکانی کۆمپانای نەوتی ناوەڕاستە تێچووەکەی دەگاتە (١٣٦٠٩) سیانزە هەزارو شەسەدو نۆ دینارە، کەمترین تێچوش لە کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکورە کە (٤٣٥٤) چوارهەزارو سێ سەدو پەنجاو چوار دینارە.
تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت لەکێڵگەکانی باشور بەم جۆرەیە : کۆمپانیای نەوتی بەسرە (١٠٣١٧) دەهەزارو سێ سەدو حەڤدە دینارە، کۆمپانیای نەوتی زیقار (١١٦٠٣) یانزە هەزارو شەسەدو سێ دینارە، کۆمپانیای نەوتی میسان (٩٤٩٦) نۆ هەزارو چوارسەدو نەوەدو شەش دینارە.
عێراق (٧١) کێڵگەی نەوتی هەیە، تەنها (٢٧) کێڵگەی نەوتیان بەکارهێنراون کەبەم جۆرەیە؛ بەسرە (٩) کێڵگەی نەوتی و میسان (٤) و بەغداد (١) و دیالە (١) و سەلاحەدین (٣) و کەرکوک (٤) و موسڵ (٤) کێڵگەی نەوتی.
تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت نرخی جیاوازە بەپێی قوڵی بیرەکەو شوێنی بیرەکە نرخەکەی دەگۆڕێت، ئەو ناوچانەی قوڵی بیرەکە کەمترەو ناوچەکەی سەخت نیە تێچوی دەرهێنانی نەوتەکەی کەمترە.

Share this