Soran Omar

خستنەڕووی بەڵگەکان
داھات و خەرجی و لیستی موچە، لەنێوان ھەرێم و بەغدا

پاش بەدواداچوون بۆ چۆنێتی جێبەجێکردن و ھۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥ لەڕێگەی پرسیاری پەرلەمانیی بۆ دیوانی چاودێری دارایی ئیتحادی، لە ١٣/٣/٢٠٢٤ بەنوسراوی ژمارە (١/١/٣/٧٠٧٣) تەواوی وردەکاری بابەتەکەمان کرا لەڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە، ئەمە پوختەکەیەتی:
١- تایبەت بە (بڕگەی یەکەم لە مادەی ١٢)ی یاسای بودجە، دیوانی چاودێری دارایی بە ٣ نوسراو داوای بەڵگەو تۆمارو موازینی مراجعەی ھەرێمی کردووە وەڵام نەدراونەتەوە.
٢- تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ڕ لەمادەی ١٢ ) وەزارەتی سامانە سروشتیەکان داتاو زانیاری پێ نەداون ھی نەوتی خامی بەرھەمھاتوو لەکێڵگە نەوتیەکان کە شەحن کراوە بۆ بەندەری جیھان بۆ عەمبارەکانی سۆمۆ.
٣- تایبەت بە (بڕگەی دووەم /د لەمادەی ١٢) ئەو ھەژمار بانکیەی حکومەتی ھەرێم لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندی کردویەتیەوە بۆ داھاتی غەیرە نەوتی تاکو وردبینی بکرێت، ھیچ داھاتێکی تەسلیم نەکردووە.
٤- تایبەت بە (بڕگەی دووەم/ە لەمادەی ١٢) تیمێک دروست کراوە بۆ وردبینی موازینی مراجعەو خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە ١/١ تاکو ٣٠/٦/٢٠٢٣ ئەم کارە ئەنجام دراوەو وێنەیەکی ڕاپۆرتی وردبینیەکە دراوتە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ١٦/٨/٢٠٢٣.
٥- لیژنەیەکی دیکە پێکھێنرا بۆ وردبینی خەرجی و داھاتی نەوتی و نانەوتی لە (١/٧/٢٠٢٣ تاکو ٣١/١٢/٢٠٢٣) بەڵام حکومەتی ھەرێم لە ١٥/٢/٢٠٢٤ داوای کردووە جارێ چاوەڕوان بن بۆ دەست بەکاربوونی لیژنەکە، لە ٢٥/٢/٢٠٢٤ دەستیان بەکارەکانیان کردووە.
٦- بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق ( ژمارە ٢٣٥٢٠ لە٢٠٢٣) تایبەت بەوردبینی ژمارەی فەرمانبەران و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان، لە ١٩/١٠/٢٠٢٣ ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە.
وردەکاری و بەڵگەکانی ھەردوو ڕاپۆرتەکە دەخەمە ڕوو :
لەبواری نەوت
١- وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ھیچ گرێبەستێکی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی نەداوە بە لیژنەکە، ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردویانە پەیوەست بە کەرتی نەوت و وزە.
٢- بەپێی میزان مراجەعەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ داھاتی گشتی ھەرێم (٥ ترلیۆن و ١٩ ملیار دینار) بووە.
٣- خەرجی لەو شەش مانگەدا (٨ ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینار) بووە.
٤- ئەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستیان کەوتووە لە میزان مراجەعەی بەڕێوەبەرێتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیان کەوتووە، لەوەشیدا میزان مراجەعەی مانگەکانی ٤ و ٥ و ٦ی نەناردووە.
٥- وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دوو حسابی ھەیە بۆ تەشغیلی و حسابێکی تایبەت بۆ فرۆشی نەوت و غاو بەرھەمە نەوتیەکان کە ئەمەش بۆ پرۆسەی چاودێری و وربینی نابێت.
٦- بەپێی سیستمی ژمێریاری چالاکیە داراییەکان تۆمارنەکراون بە سجل و مستندی دەفتەری بەڵکو لەسەر بەرنامەی ئێکسڵ داھات و خەرجی و قەرزیان تۆمارکردووە!
٧- وەزارەتی سامانە سروشتیەکان حساباتی لە (٥) بانک ھەیە کە یەکێکیان مێرف ابوڤبی ئیسلامیە، ئامادە نەبوون حسابی ئەو پێنج بانکەی وەزارەتمان بدەنێ.
٨- لە مانگەکانی (١،٢،٣ی ساڵی ٢٠٢٣) بەپێی ئەو داتای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان پێشکەشی کردووە (٣٢ ملیۆن و ١٩٤ ھەزارو ٤٢٦ بەرمیل نەوتی خاو)ی ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی کردووە! بەڵام بەپێی بەڵگەکانی کۆمپانیای سۆمۆ (٣٢ ملیۆن و ٧٢٨ ھەزارو ٣٢٤ بەرمیل نەوت)ی ھەناردە کردووە واتە (٥٣٣ ھەزارو ٨٩٨ بەرمیل نەوت) کەمتری حساب کردووە ھەرێم!
– فرۆشی بەرمیلێک نەوت لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە بازاڕی ئەوروپا بۆ مانگی (١) بە (٦٦ دۆلارو ٥٥٩ سەنت) بووە، ھەمان مانگ سۆمۆ نەوتی لەھەمان بەندەری جیھانەوە بەبازاڕی ئەوروپا فرۆشتووە بە (٨٢ دۆلارو ٧٧٧ سەنت) واتە ھەرێم ھەر بەرمیلێک نەوتی بە (١٦ دۆلارو ٢١٨ سەنت) کەمتر فرۆشتووە!
– بۆ مانگی (٢) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٧٠ دۆلار) فرۆشتووە بەڵام سۆمۆ بە (٨٢ دۆلارو ٤٨٦ سەنت) فرۆشتووە واتە ھەرێم بە (١٢ دۆلارو ٤٨ سەنت) کەمتر بەرمیلێک نەوتی فرۆشتووە.
– بۆ مانگی (٣) ھەرێم بەرمیلێک نەوتی بە (٦٥ دۆلارو ٧٤٨ سەنت) فرۆشتووە، سۆمۆ بەرمیلێکی بە (٧٨ دۆلارو ٥٦ سەنت) فرۆشتووە، واتە ھەرێم ھەر بەمیلێک نەوتی لە (١٢ دۆلارو ٨١٢ سەنت) کەمتر فرۆشتووە.
– بۆ مانگی (١) بە بڕی ١٨٧ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە
– بۆ مانگی (٢) بە ١٥٠ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە.
– بۆ مانگی (٣) بە ١٠٩ ملیۆن دۆلار نەوتی بەکەمتر فرۆشتووە بەراوردی نرھی سۆمۆ.
٩- یەک حساب بانکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە بانکی منارەو ئاڕتی بانک وردبینی کراوە لە تەحویلی دۆلار بۆ دینار لەبانک جیاوازی ھەیە لەیەکێککیان ٣٠ ھەزار دۆلار لەوی دیکەیان ٤٦ ھەزار دۆلار!
١٠- ئەوەی پێیان داون تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ داھاتی فرۆشی نەوتی خاوو (٢ ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار دینار) بووە، ئەوەی سەرف کراوە بەناوی خەرجی بەرھەمھێنانی نەوتی خاو (٢ ترلیۆن و ٩ ملیار دینار) بووە! بەڵام دوای وردبینی دەرکەوتووە ئەو خەرجیە بۆ بەرھەمھێنانی نەوتی خاو نەبووە بەتەنھا بەڵکو بەکۆی گشتی (٦١٩ ملیارو ٣٧٣ ملیۆن) دیناری خەرجی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت نەبووە بەڵکو بەم جۆرە سەرف کراوە:

– (١٢٩ ملیار و ٨١٥ ملیۆن دینار)ی دراوە بە ماس ئینێرجی و ماس کۆمپانی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبای مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ی ساڵی ٢٠٢٣.
– (٨ ملیارو ٨١٦ ملیۆن دینار)ی دراوە بەچەندین کۆمپانیا بۆ کرێی گواستنەوەی بەرھەمە نەوتیەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا بۆ مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣!
– (٥٦٨) ھەزار دۆلاری بۆ مانگی (١)ی ٢٠٢٣ دراوە بە پرۆفیشناڵ سێرڤس بەبێ دیاریکردنی ئەوەی ئەم خزمەتگوزاریە چییە!
– (١٨٦) ملیاری لەمانگی (٢)ی ٢٠٢٣ دراوە بە کۆمپانیای (ترافیگورا ئێڵ تی دی لیمیتد)ی ئیتاڵی لەبەرامبەر لێ وەرگرتنی پارەی پێشەکی بۆ فرۆشتنی نەوت لەئایندەدا، ئەم بڕە پارەش لەقەرزەکانی کەم نەکراوەتەوە.
– (١٨٧ ملیارو ٧٦٥ ملیۆن دینار) بۆ کڕینی مادەیەک تاکو تێکەڵی نەوتی خاوی بکەن کەبەبۆری ناردویانە! ھەروەھا بۆ کڕینی غازی وشک لەکۆمپانیای پێراڵ پترۆلیۆم بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی بەرھەمھێنانی کارەبا!
– (١١٤ ملیارو ٢٣٢ ملیۆن دینار) کرێی بەرھەمھێنانی نەوتی خاوی ساڵانی پێشوو دراوە بە کۆمپانیایەکی عێراق و کۆمپانیایەکی چینی!
١١- لەناو داھاتە نەوتیەکان دا ئەو داھاتەی نەوتی خاوی تێدا نەبووە کە دراوە بەپاڵاوگەکان لە ماوەی ئەو شەش مانگەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣، لەو ماوەدا (١٠٢٠٠٥٢٤) دە ملیۆن و دوو سەد ھەزارو پێنج سەدو بیست و چوار بەرمیل نەوتی خاو دراوە بە پاڵاوگەکانی (کارو لاناز) بەبڕی (٣٠٩ ملیارو ٩٦٧ ملیۆن دینار).
١٢- قەرزەکانی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکو ٣١/٣/٢٠٢٣ بە ( ٨ ملیارو ٧٣٣ ملیۆن دۆلار) دانراوە کە دەکاتە (١٢ ترلیۆن و ٦٤٨ ملیار دینار) گوایە (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ی ھی ساڵانی پێشووە!
١٣- ئەو (١٢ ترلیۆن و ٢٣٨ ملیار دینار)ەی قەرزی ساڵانی پێشوو بەم جۆرە ڕونکراوەتەوە:
– (١١١ ملیارو ٩٦٠ ملیۆن دینار)ی کرێی گواستنەوەی عەمبارکردنی بەرھەمە نەوتیەکان بووە بۆ کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی کارەبا!بۆ ساڵەکانی (٢٠١٥ -٢٠٢٢.
– (٥ ترلیۆن و ٣١٠ ملیار دینار)ی پارەی پێشەکی بووە وەریان گرتووە لەکڕیارانی نەوت.
– (٣٠٢ ملیار و ٥١٠ ملیۆن دینار)ی دراوە بە کۆمپانیای پیراڵ پترۆلیۆم لەبەبرامبەر بەرھەمھێنانی غاز بۆ کارەبا.
– (١ ملیار و ٤ ملیۆن دۆلار)یش دەربێتە بیدەنەوە بە کۆمپانیای (KNOC) کۆری بۆ ساڵەکانی (٢٠١٩ و ٢٠٢٠ ) لەبەرامبەر قەرەبوو کردنەوەی پاشەکشەی لە تەنازول کردن لەمافەکانی لەتێچووی دەرھێنانی نەوتی خاوو بەم جۆرەش پارەکەی دەدەنەوە:
– ساڵی ٢٠٢٣ بڕی ١٤٩ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٤ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٥ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٦ بڕی ١٤٢ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٧ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٨ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٢٩ بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
– ساڵی ٢٠٣٠ بڕی ١٢٨ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار.
ئەمە جگە لەوەی شریکاتی نەوت و کرێکارە بیانیەکان لەو بوارەدا لەباج بەخشراون کەبەپێی یاسای یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٠ پێویستە %٣٥ ی داھاتی دەستکەوتوو لەعێراق باج بدەن.
داھاتی نانەوتی :
١- لە ١/١ تاکو ٣١/٦/٢٠٢٣ بڕی (٢ ترلیۆن و ٨٣ ملیار دینار) خراوەتە ڕوو لەناویدا (١٥٩) ملیار دینار تۆمارکراوە کەلەحکوماتی دەولی وەرگیراوە، لەناو داھاتی دیکە (٣٦٨ ) ملیار دیناری ئەو داھاتانە نازانرێ ھی چییە ئاماژەی پێ نەکراوە.
٢- لە (٦) بوارا داھاتی ناوخۆ دیاریکراوە بەڵام ھیچ یەکێک لەو داھاتانە تەسلیم نەکراوە بۆ وردبینی.
٣- دەوازە سنوریەکان تەنھا (٤) دەروازە و دوو فڕۆکەخانە داھاتیان دیاریکراوە ئەوانبش (ئیبراھیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان، فڕۆکەخانەی ھەولێر، فڕۆکەخانەی سلێمانی) داھاتەکەیان کەخراوەتەڕوو (٦٦٦ ملیارو ٩٠٠ ملیۆن دینار) بووە، بەم جۆرە دابەش بووە :
– ئیبراھیم خەلیل ٣٥٨ ملیار
– حاجی ئۆمەران ١١٠ ملیار
– پەروێزخان ١١١ ملیار
– باشماخ ٧٨ ملیار
– فڕۆکەخانەی ھەولێر ١٣ ملیار
– فڕۆکەخانەی سلێمانی ٤ ملیار
٤- حەوت بەڕێوەبەرایەتی گومرگیش ھەیە (سلێمانی، زاخۆ، ڕاپەڕین، ھەولێر، دھۆک، مێرگەسور، بەڕێوەبەرێتی گشتی گومرگ) داھاتیان (٥٣ ملیارو ٧٤٣ ملیۆن دینار)ە.
٥- شەش دەروازەی دیکە ھەیە لەلایەن حکومەتی ھەرێم دانی پێدانراوە لەلایەن حکومەتی عێراق بەفەرمی نەناسێنراوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت ئەوانیش (کێلێ، سەیران بەن، سەرتەک پشتە، شوشمێ، سەرزێڕ، سێماڵکا)
٦- (٢٠) دەروازی دیکە ھەیە لەلایەن حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراقیشەوە دانی پێدا نەنراوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا ئەنجام دەدرێت (زەڵێ، قندۆڵ، موسک، چۆمان، شایدین، بارێ، سیرین، میشیاو، کونە وشک، ئەحمەد ئاوا، کونە مێرو، دارۆخان، بادالان، وشیای، دەرەی مەر، ھاوار، کمە، بیارە، بیمارۆک، ھاوار).
دەربارەی میلاکات و ژمارەی موچەخۆران :
١- ژمارەی فەرمانبەران کە لە وەزارەتی دارایی / دائیرەی موازەنە وەرگیراوە بەنوسراوی ژمارە (٤٣٤١ لە ٧/٨/٢٠٢٣) بەبەراوردی بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی ئیتیحادی (٢٣٩٠١) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە.
٢- لەعێراق ٦٥٨١٨٩ فەرمانبەر پێشکەش کراوە، لە وەزارەتی دارایی ھەرێم ٦٨٢٠٩٠ فەرمانبەر ھەیە! بەپێی بایۆمەتری کە فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی ھەرێم (٦٩٧١٩٠) فەرمانبەرە بە مەدەنی و سەربازی، گرێبەست ٣١٦٩٨ کەسە، گرێبەستی کاتی ٢٩٧٨ کەسە.
زیادەی میلاکات لە نێوان مانگی حوزەیران و کانونی دووەم :
٣- لە سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و ناوخۆو تەندروستی و دادو دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش و دەستەی وەبەرھێنان و نەزاھە (١٥٦٦) کەسە! بەبێ ئەوەی یەک دامەزراندن ھەبوبێت.
٤- پلە تایبەتی (ڕ و ب) کە لەھەرێم ژمارەی پلە تایبەتی (ڕ) ژمارەیان (٣٩٤) کەسە (٦٥)ی زیادەیە، پلە تایبەتی (ب) ژمارەیان (١٢٤٧) کەسە (٨٦)ی زیادە.
٥- کار بەیاسای خانەنشینی ھەڵوەشاوەی ژمارە (٢٧ی ساڵی ٢٠٠٦ دەکرێت کە لەم یاسایەدا لێبڕینی خانەشینی (%٧)ی موچەی ئیسمی یە بۆ ئەو شەش مانگە (٦٥ ملیار دینارە) کە ناچێتە سندوقی خانەنشینی و موچەی خانەنشینیش لەسەر بودجە دەدرێت نەک سندوق چونکە ھەرێم سندوقی خانەنشینی نیە، لە (٢٩/٧/٢٠٢٠) ەوە بڕیاری دروستکردنی سندوقەکە دراوە بەڵام تائێستە سندوقەکە ھەر دروست نەکراوە.
لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە (٩ی ساڵی ٢٠١٤) لێبڕینی خانەنشینی (%١٠) موچەی ئیسمیە.
٦- ھەموو ئەوەی وەزارەتی دارایی لە میزان موراجەعە پێشکەشی کردووە جیاوازی میارەھا دیناری تێدایە، پێچەوانەیە لەگەڵ سیستمی ژمێریاری و پێچەوانەیە لەگەڵ یاسای و ڕێنمایی پڕ لەھەڵەو کەموکوڕییە.

وردبینی لە ژمارەی موچەخۆران و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان:
٧- لەساڵی ٢٠١٣ ەوە میلاکاتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکراوە بەھۆی نەبوونی یاسای بودجە، موچە تاکو ئێستە بەشێوەی کلاسیکی بەدەست و لیست دابەش دەکرێت، تەنھا بە ژمارە میلاکاتی (٣٣) وەزارەت خراوەتە بەردەست لیژنە ھاوبەشەکە، داتای بایۆمەتری نوێی موچەخۆرانیان پێ نەداون.
٨- لەسەر میلاکات و بڕی موچەکانیان لیژنەیەکی ھاوبەش پێکھێنراوە بۆ وردبینی بەپێی بەیاناتی (موازەنەی ئیتحادی و بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی) لەسەر:
– سەرۆکایەتی ھەرێم ٧٤٩
– وەزارەتی ناوخۆ ١٥١٤١٩
– وەزارەتی پێشمەرگە ١٣٨٦١٩
– دەزگای ئاسایش ٣٣٦٣٣
– ئەنجومەنی ئاسایش ٨٦٧٤
– کۆی گشتی سەربازی (٣٣٣ ھەزارو ٩٤ کەسە)
٩- بەپێی بایۆمەتری کە فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی ھەرێم بڵاویکردۆتەوە بواری سەربازی (٢٨١٣١١ ) کەسە، بەپێی پارێزگاکان (سلێمانی ١١١٣٧٤) (ھەولێر(١٠٥٠٣٣) (دھۆک ٦٥٣١٢) کەسە.
١٠- لەنێوان دائیرەی موازەنەو دائیرەی محاسەبە ژمارەی میلاکاتی ھەرێمی کوردستان بەپێی پلەی وەزیفی لە (ڕ و ب لە پلەکانی یەک تاکو دە) (٣٩٧١٠) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە، زۆرترینی ئەو جیاوازیەش لە فەرمانبەری پلە حەوت دایە کە (٢٣٩١٢) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە.
١١- تەنھا لەوەزارەتی کارەبا (٢٤٦٠) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە، بۆ نمونە لەموچەی مانگی حوزەیران وەزارەتی پەروەردە جیاوازی موچە کەزیاترە (٥١٥ ملیۆنە) لەوەزارەتی کارەبا زیادەی موچەی (٢ ملیارو ٨٦٦ ملیۆن دینارە)
١٢- لە میلاکی دائیمی و گرێبەست جیاوازی زۆر ھەیە ، لەمانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی گرێبەست ٢٦٨٨٩ فەرمانبەرە، لە بایۆمەتری ٣١٦٩٨ فەرمانبەرە، لەدائیرەی موازەنە (٢٤٩٣٣ ) فەرمانبەرە، لەدائیرەی ژمێریاری (٢٦١٧٤) فەرمانبەرە، لەلیستی وردبینی کراو (١٢٤١) فەرمانبەر جیاوازی ھەیە.
١٣- ژمارەی خانەنشینی مەدەنی و سەربازی بۆ مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ کە دابەش بووە بەسەر ١٤ بەڕێوەبەرێتیدا (٢٤٥١٠٤) خانەنشینە، بەپێی بایۆمەتری ٢٤٥٧٣٦ خانەنشینە، خانەنشینی سەربازی لەلیستی مانگی ١٠ی ٢٠٢٣ ژمارەیان ٨٧٦٣٣ خانەنشینە، مەدەنی (١٥٧٤٧١) خانەنشینە، لەبایۆمەتری خانەنشینی مەدەنی (١١٣٣٠١) خانەنشینە، سەربازی (١٣٣٤٣٥) خانەنشینە.
١٤- لیژنەکەی چاودێری دارایی داوای لیست و داتاو زانیاری خانەنشینانی کردووە پێییان نەدراوە، بەڵام لەنێوان دائیرەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی جیاوازی موچە (٣ ملیارو ٧١٦ ملیۆن دینارە).
١٥- سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بەپێی بایۆمەتری (١٦٣٠٩١ ) کەسە، (٥٩٦٠٠) کەسی سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتین، (٩٤٦٠٥) ی کەم ئەندامن، (٨٨٥١)ی کەم ئەندامی سەنگەرن، ئەوەی خستویانەتە بەردەست بەپێی وەزارەتی دارایی بەشی ژمێریاری (٧٦٥٣٥) کەم ئەندامە، ئەوەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی خستویەتیە ڕوو ( ٧٦٧٨٨) واتە (٢٥٣) کەم ئەندام جیاوازییە.
١٦- بەپێی بایۆمەتری ژمارەی شەھیدان و کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی کیمیاوی (٩٦٧٧٩) یە، بەپێی ئەو لیستەی خراوەتەڕوو (٨٣٤١٣)یە .
١٧- بەگشتی لەلیستی(٢٧) وەزارەت و دەستەو سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی (٦٧٢٢٦) موچەخۆر گومانی خراوتە سەر لەگرێبەستیش (٤٧٧٤) کەس.

سۆران عومەر
ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی

Share this